Jump to content

دیوانی کوردی/و

From Wikisource
313109دیوانی کوردی — پیتی و1850کوردی

1

[edit]
وا بە ئاسان عالەمێ تەسخیری تۆ بوون ماهڕوو ساحیری یا ئەولیایی؟ ڕاست بێژە ماهڕوو
دەس بە خەنجەر دێی و باز خۆت دەگری سا کەی لێم دەدەی؟ ئینتیزاری کوژتنم زوو لێم دە یاڵڵا ماهڕوو
دڵ دەبەی بە دزی لە ناو خەڵقی دەلێی خۆی داگیە پێم من دڵم دا پێت بە ڕاست؟ دادەی بزانم ماهڕوو
بێچووە جەللاد! خۆت لە ناو مەردوم بە سۆفی بۆ دەکەی؟ هیچ کەسی نەتناسێ، خۆم چاکت دەناسم ماهڕوو
پڕ دڵم خوێن کرد و دام پێت وا بەزوویی جێ بە جێ باعیسی بەدمەستییە دەشکێنم پیاڵە ماهڕوو
ڕەنگی زەردت دیم دەڵێی کوردی بڕۆ بێنە بەهێ بەس بیانوو بگرە وەختی بەی کوانێ؟ ماهڕوو

2

[edit]
لاڵ بم ئەگەر شەبیهی ڕوخی کەم بە ماهی نەو یا دڵ بدەم بە میهری نیگارێ بە غەیری ئەو
تەسخیری ڕۆم و غارەتی ئێران دەکا ئەگەر کاکۆڵی زەنگباری بە هێرش بخا جڵەو
شادم، کە بەڵکوو بێتە خەوم یار و بەختەکەم بەدبەختی نایەڵێ کە دوو چاوم بچێتە خەو
حاسڵ بە غەیری دەرد و جەفا و ئەلەم نییە ڕۆژێ کە بێن زەراعەتی عومرم بکەن درەو
ئەمن و جەفا، فیراق و ئومێدی ویساڵی یار کاغەز ڕەفیقی ڕۆژمە، شەمعیش ئەنیسی شەو
کوردی دلێری عەرسەیی نەزم و فەساحەتە جەولان دەکا هەمیشە وەکوو بەرقی تیژڕەو

3

[edit]
شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو؟ کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو
دڵم وەک حاکمی مەغدوورە قوربان خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟!
سروشکم نەخشی ناوی تۆ دەکێشێ کە جێی سێدارەکەی مەنسوورە ئەمشەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە بۆیە لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو
لە خەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە چاوت؟ هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
لە دووریت من وەکوو بولبول دەناڵم بە وەسڵت عالەمێ مەسروورە ئەمشەو
سوپای موژگان و تیغی ئەبروانت شکستی فیرقەیی تابوورە ئەمشەو
ئەگەر یاران دەپرسن حاڵی کوردی لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو

4

[edit]
زەمانی فیرقەتی یارانە ئەمشەو شنەی بای هیجری ناودارانە ئەمشەو
لە سەحرای سینە خاری خەم ڕواوە لە هەوری دڵ خەفەت بارانە ئەمشەو
لە پێی دڵدا سەدایێ دێت، مەزندە زڕەی زنجیرەکەی جارانە ئەمشەو
کەبابی دڵ لە ئەشکی دیدە سوێرە لەکن من جەژنی مەیخارانە ئەمشەو
لەسەر دڵ قەترەیی ئەشکم کە دەتکێ خیزابی دەستی ئەغیارانە ئەمشەو
حەریری زەرد و سوور و ڕەنگی ئەشکم مەتای کاروانی غەمبارانە ئەمشەو
حەیات و مەرگ و وەسڵ و هیجر و خۆشیم دەڵێی هیجرانی بیمارانە ئەمشەو
مەکەن مەنعم لە ئاهـ و ناڵە کوردی سەبووری خۆی ڕیاکارانە ئەمشەو

5

[edit]
لە غەم شاری دەروون مەعموورە ئەمشەو بناغەی مڵکی دڵ خاپوورە ئەمشەو
ڕەوانسەر! بۆ لە زیددی من فەڕەنگی لەبەر دەرگای ڕەقیب مەسروورە ئەمشەو؟
ئەمن فەرهاد و شاهید بێستوونە ئەتۆ شیرین، شەماڵ شاپوورە ئەمشەو
لە وەسڵت مەنزڵی دوور کەوتەوە دڵ دووسەد مەنزڵ لە شادی دوورە ئەمشەو
برا گیان گیان و تۆ گیان ئەلوەدایە هەوای کۆی تۆ دیگەر مەستوورە ئەمشەو
بە موژدەی وەسڵی تۆ دڵ شاد بێ حەقیە کە هەر وەک حاکمی مەغدوورە ئەمشەو
لەمن ناپرسێ ئەغیار ئەی چ گەوجە؟ بە وەسفی لوتفی تۆ مەغروورە ئەمشەو
لە ناو ئەشک و لە ڕووتەی چاو شەهێنم دڵ ئاهوو وار و چاو بێ نوورە ئەمشەو
لە سوبحی جەژن و شوﺑهەی مانگەشەو ئاخ؟ لە بەختی من دەڵێی دەیجوورە ئەمشەو
بە حازر باشی فەوجی غوسسە و ناڵە وەکوو زیلەی ئەوەڵ شەیپوورە ئەمشەو
لە ناڵین مەنعی کوردی مەحزی کوفرە فەقیر و ناخۆش و مەغدوورە ئەمشەو

6

[edit]
سەدای سەمتوورە کەللەم گەرمە ئەمشەو چریکەی بانگی دڵ بێ شەرمە ئەمشەو
بە ناخون کاری فەرهاد دێ لە دەستم وەها شاهۆ لە ناڵەم گەرمە ئەمشەو
لە تەنیایی بە یادی ڕۆحی مەجنوون خەیاڵی گەشتی دەشت و دەرمە ئەمشەو
غوباری خاکی وا حەق گەر بەهەشت بێ لە دەرگای تۆ خەبەر ئاوەرمە ئەمشەو
دڵم وەک حاکمی مەغدوورە قوربان تەمای سەنعاتەکەی ئازەرمە ئەمشەو
ئەگەرچی یار و یاوەر بوون بە دوژمن خەمی بێ یاوەری یاوەرمە ئەمشەو
لە دەوریشم گەڕا پەروانە ناکام لە سەر ڕێی وەسڵی نووری هیجرە ئەمشەو
کە چونکە بۆی ویساڵی تۆی تێدایە نەسیمی سوبح خەبەر ئاوەرمە ئەمشەو
سەرم شۆری ویساڵی کەوتە سەر باز دیسان کوردی لە دەردی سەرمە ئەمشەو

7

[edit]
ئەرێ یاران! شەوی یەلدایە یاخۆ مەحشەرە ئەمشەو؟ سەدای عەبباسە یا ناڵە و فوغانی ئەسغەرە ئەمشەو؟
سوپای غەم هاتە تاراجی قەرار و سەبر و ئارامم کە زانی مڵکی دڵ بێ شەهریار و لەشکەرە ئەمشەو
موشەخخەس مردنم نێزیکە سایاران! خودا حافیز لەبۆ قەسدی هیلاکی من موژەت وەک خەنجەرە ئەمشەو
هەناسەی ئاگرینم بێ سەبەب نایە پەی ئەندەر پەی کە بەرگی قرمزی پۆشی دڵم وەک مەجمەرە ئەمشەو
لە ئیقلیمی مەلاحەتدا فەرید و نادری عەسرە جڵەوداری وەکوو قزڵ ئەرسلان و سەنجەرە ئەمشەو
بە خەتتی سەبزی ڕوخساری جەماڵی ئاتەشین ڕەنگی فرووغی شەمسی ئەعجازی خەلیلی ئازەرە ئەمشەو
چ حاسڵ تاسی ئیقباڵم دووشەش بێنێ ئەمێستاکە؟ کە داشی دڵ لە خانەی سەبر و هیجران شەشدەرە ئەمشەو
لە مەستیدا وەکوو ڕەههامە بۆ مەردی وەکوو شیدە بە توندی هەر وەکوو تووسە، بە شۆخی جەعفەرە ئەمشەو
ئەوا کوردی لە کونجی بێکەسیدا زار و بیمارە بە وەسڵی خۆت عیلاجی کە، کە حەججی ئەکبەرە ئەمشەو