دیوانی کوردی/ۆ
Appearance
1
[edit]لە کونجی بێ کەسیدا فەردم ئەمڕۆ | زەلیل و زار و بێ هاودەردم ئەمڕۆ |
گەواهی لافی عیشقی تۆیە قوربان | سرشکی سوور و ڕەنگی زەردم ئەمڕۆ |
لە سۆزی عیشقی سەردی میهری تۆیە | دەروون گەرم و هەناسە سەردم ئەمڕۆ |
وەکوو تەیرێکی گوم بووبێ جەناحی | هێلانەواز و هەرداوهەردم ئەمڕۆ |
مەگەر سۆزەی نەسیمی وەسڵی ئەو بێ | موعەتتەر کا دڵەی پڕ دەردم ئەمڕۆ |
لە عەرسەی وەسفی ئەو مەحبوبە لەنگە | خەیاڵی وەک سوارەی جەردم ئەمڕۆ |
لە بۆ وەسڵی جەماڵی یاری کوردی | ئەگەر ڕۆحم نەدەم نامەردم ئەمڕۆ |
2
[edit]دەروون زامدار و دڵ غەمگینە بێ تۆ | سەرم گێژ و تەنم بێ تینە بێ تۆ |
خەوم بێ هۆشییە، بەرگم پەڵاسە | خۆراکم خوێنە، شادیم شینە بێ تۆ |
لە چاو ئەشک و لە دڵ ئاهم کە دەردێ | دەڵێی تۆفانی با و بارانە بێ تۆ |
جێگام سەحرایە، وەحشیم یار و هاودەم | دڕک فەڕش و کوچک باڵینە بێ تۆ |
لە ئەشک و ئاهی تار ئاوێنەیی دڵ | جەماڵی زەرد و ڕەش ڕەنگینە بێ تۆ |
سەرم سەمتوور و سینەم چەنگ و دڵ دەف | خەفەت بار و مەقام ناڵینە بێ تۆ |
کەباب دڵ، خۆین مەیە، ساقی فیراقت | قەدەح چاو و مەزەم ئەسرینە بێ تۆ |
دەروون گوڵزار و خوێن گوڵ باخەوان دڵ | فوغان بولبول، جەفا پەرژینە بێ تۆ |
ڕەقیب ڕووترش و ئەشکی دیدە سوێرە | حەیات تەڵخ و ئەجەل شیرینە بێ تۆ |
زومستان مەیلەکەت، پایز براکەم | بەهاری عومر و دین هاوینە بێ تۆ |
ئەوا من بووم بە شا و سوڵتان و والی | تۆ خوا سا کاکە گیانە ژینە بێ تۆ |
لە هاوسایان لە تاو ناڵینی کوردی | دوعای مەرگە، لەوێ ئامینە بێ تۆ |
3
[edit]شوێنی دڵم هێناوە قوربان تاکوو دەرکی تۆ | یا شوێنی دەرکە، یا بدە دڵ، یا قەسەم بخۆ |
تۆ دەس بە تیغ و پەنجە بە خوێن سوور و دڵ قەتیل | لەونیش سبووتی دەعوییە سا ڕاست بێ یا درۆ |
چاوت لە عەینی مەرحەمەتا قاتڵی دڵە | وەک لوتفی بەچەیی قاتڵە بۆ مورغی دەستەمۆ |
ئەمشەو خەیاڵی زولفی سیات هاتە خاترم | بێچارە مارگەزیدە بوو دڵی زامی هاتە سۆ |
بۆی خاکی ژێری پای سەگی دەرگای ڕەقیب دەکەم | چون ڕێ لەجاجب .... دەرکی تۆ دەبوو |
ئەی عەقڵ ئەگەر بە تەجروبە بۆ ڕێی عیشق دەچی | مَن جَرَّبَ اْلمُجَرّبت ئەر بیستووە مەچۆ |
عەقڵیش دەڵێ وەکوو دڵ دەچمە کۆیی یار | »کوردی» فیراق بەلایەوە ئاسانە تۆش بڕۆ |