دیوانی نالی/و
Appearance
1
[edit]شەوی یەلدایە، یا دەیجورە ئەمشەو | کە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەمشەو؟! |
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە، قوربان! | خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو |
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە، بۆیە | لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو |
کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان، | چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟! |
لە خەو هەڵساوە، یا ئاڵۆزە چاوت؟ | هەمیشە وایە، یا مەخموورە، ئەمشەو؟ |
سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ | جێگەم سەر دارەکەی مەنسورە ئەمشەو |
موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی | لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو |
2
[edit]دڵ شیشەیی پڕ خوێنی فیراقی، فەرەقی بوو | مەکسووری ڕقی بەو دڵی وەک بەردی ڕەقی بوو |
ئەو نەشئە کە وا ساقی منی پێ لە خودی سەند | نەک نەوعەرەقێ بوو کە لە قەترەی عەرەقی بوو |
خەندەی نەفەسی تۆ بوو وەکوو سوبح و نەسیمی | یا گوڵ دەمی پشکووتن و عەتری وەرەقی بوو |
ڕەققێتی تەن و ڕیققەتی دڵ، ڕوقبەتی تاعەت | مەخسووسی ڕەقیب بۆ لە منی خەستە ڕقی بوو! |
هێند مونتەزیری تۆ بوو هەتا چاوی سپی بوو | نەرگس، کە لەسەر یەک قەدەم و دیدە چەقیبوو |
تا پێنەکەنی گوڵ بە دەمی بادی سەباوە، | نەمگوت: کە شەوێ بولبولی بێچارە حەقی بوو |
نالی لە هەوا کەوتە سەما، بوو بە شەناوەر | بەو وشکە مەلە بیمی هیلاکی غەرەقی بوو |
3
[edit]هەر چەندە کە عومری خزر و جامی جەمت بوو | چونکە ئەمەلت زۆرە، چ عومرێکی کەمت بوو! |
ئەی جامیعی دونیا و قیامەت بە خەیاڵات | ئەو ڕۆژە کە مردی، نە ئەوت بوو و نە ئەمت بوو! |
بێزارە لە تۆ ئێستە، هەماغۆشی عەدووتە | دونیا، کە دوێنێ حەرەمی موحتەرمت بوو! |
دوێنێ چ بوو دەتدا بە زوبان لافی کەرامەت؟! | ئەمڕۆ نەدەمت بوو، نە دەمت بوو، نە دەمت بوو! |
عومرت نەفەسێکی کە هەموو عالەمی دێنا | بمرە لە غەمیدا کە هەموو سەرفی غەمت بوو |
وەک شەڵتە پەین گەهـ پڕ و گەهـ خاڵییە بەتنت | سەوم و ئەمەلت باعیسی نەفس و شکەمت بوو |
نالی چییە وا میسلی جوعەل غەرقی شیاکەی | خۆ تۆ بە حیسابی وەکوو پەروانە شەمت بوو؟! |
4
[edit]وەک قەفەس ئەم حوجرە کون تێیە کە وا گرتوومیە ناو | تار و پۆیی عەنکەبووتە، زۆرە لێی کردوومە داو |
دوودی سەرمیچی گوڵەنگی لەت لەتی دەسرازە کۆن | بان و دیواری بە میسلی لانکەی ئەجزا شکاو |
هەر لە سەربان دار بە داری ڕایەڵی بژمێرە وەک | لا پەراسووی بارگیرێکی کە زیندوو بێ بە ناو |
ڕۆژ و شەو خۆش خۆش لەباتی کا، گەڵای پێدا دەکەن | وەک گەڵاڕێزانی پاییز یەک یەکی دەڕژێتە ناو |
هەر لە ئێستاوە وەها سەرمای تێدا سەرما دەبێ | ڕەنگە ناوی لێ بنێی چوار تاقی سەرما تێخزاو |
ئاسمان هەورین دەبێ، ئێمەش بە غەمگینی دەڵێین: | ئەی خودا چ بکەین لەژێر ئەم کاولەی کەس تیا نەماو؟! |
ڕۆژی هاوینی وەها مسقاڵە زەڕڕەی پڕ دەبێ | نیمە زەڕڕێک سێبەری تێدا نییە غەیرەز هەتاو |
فەسڵی هاوینی جەهەننەم، فەسڵی ئێستای زەمهەریر | زەمهەریر کەی وا بە تەئسیرە و، جەهەننەم وا بە تاو؟! |
نەییری ئەعزەم وەها تاوی دەدا وەک مەنجەنیق | بۆ دەوامی ڕۆژپەرستی جەمعی حەربای دێتە ناو |
دار و بەردی پەنجەرەی وەک نەسجی بەیتی عەنکەبووت | مەنعی هیچ ناکا حەتا مێشیش کە خۆی لێدا بە تاو |
ڕۆژی تەرزە چەندە مینای دڵ شکێنە و سەر شکێن! | ڕۆژی باران چەن شڕە و بێعیسمەتە و ئابڕوو تکاو! |
ڕۆژی بەفر و با وەکاشە، ڕۆژی باران قوففەیە! | ساحیبی لازم کە بیبێ سەوڵ و کاسێکی شکاو |
کاسە بۆیە لازمە تا ئاردەڵۆکی دەربدا | سەوڵی بۆیە لازمە نەک جۆگەلە بیبا بە تاو |
وەزعی ئاشی گەر نەبێ، بۆ چی دەبێ پڕ ئاردەڵۆک؟! | تەبعی قوففەی گەر نەبێ، بۆ چی دەنیشێتە سەراو؟! |
کاسە و کەوچک، حەسیر و بەڕ لە ئاودا هەروەکوو | کیسەڵ و ماسی و جلە دێن و دەچن پرژ و بڵاو |
ڕۆژ پڕە گوێمان لەبەر ئەنهار و جۆگە و هاژە هاژ | شەو نییە خەومان لەبەر قرژاڵ و بۆق و ژاوە ژاو |
ئەو دەلاقەی تێدەخا چشت و مەکی پێدا دەبا | من لەوێ حەیران دەبم وەک ماڵ بڕاو و ماڵ براو |
حوجرەکە ئاوس بوو، وەعدەی خۆی بەهارێ بوو بزێ | وەزعی حەملی کەوتە پاییز نابەکام و ناتەواو |
خۆ زگی نیشتۆتە ئەرزی و، تومەزا هێشتا وەکوو | نوتفەکەی هەر ئاو بوو، بەریاوێت لەبەر هەور و هەڵاو |
ئاسمان تەرزەی کە لێدا، بەردەبارانمان ئەکا | سوختەکانمان ڕادەکەن، پاڵوو پساو و قوون دڕاو |
ڕادەکەن بۆ جانیبی دوککانی جەڕڕاح و تەبیب | چاک و دامەن هەڵکراو و، سەر شکاو و تەنگەتاو |
لوتفی بانگوش بوو کە وا لەم حوجرەدا زاناندمان | گەر بەنی ئادەم بخنکێتن، سەراوە نەک بناو |
چونکە نەتکرد قوڕ بە سەریا تا وەکوو تەسکین ببێ | مەیدەرە بەر پێلەقە، توخودا، بڵا بگری بە تاو! |
5
[edit]تا فەلەک دەورەی نەدا سەد کەوکەبی ئاوا نەبوو | کەوکەبەی میهری موبارەک تەلعەتی پەیدا نەبوو |
تا نەگریا ئاسمان و، تەم وڵاتی دا نەگرت، | گوڵ چەمەن ئارا نەبوو، هەم لێوی غونچە وا نەبوو |
تا چەمەن پیرا لە سەر، ئەسڵی درەختی لا نەدا، | فەرعی تازە، خوڕڕەم و بەرز و بوڵەند باڵا نەبوو |
تا سولەیمانان نەبوونە سەدری تەختی ئاخیرەت، | ئەحمەدی موختاری ئێمە شاهی تەخت ئارا نەبوو |
قیسسە بێ پەردە و کینایەت خۆشە، شاهی من کە وا | عادیلێ بوو قەت عەدیلی ئەو لە دنیادا نەبوو، |
بۆ نیشنگەی مورغی ڕۆحی ئەو کە عالی فیترەتە | جێگەیی خۆشتر لە ڕەوزەی جنة المأوی نەبوو |
وەک قیاسێکی کە موسبەت بێ، نەتیجەی بێتە جێ | حەمدو لیللا شەهـ کە عالی جا بوو، خالی جا نەبوو |
شاهی جەم جا نالیا تاریخ جم تەئریخیە | دا نەڵێن لەم عەسرەدا ئەسکەندەری جەم جا نەبوو |